هەرزان بڵاگ

بۆچی تەمەنی پاتریی ئۆتۆمبێل کەم ئەبێتەوە؟

پاتریی سەیارە

ئەم بابەتە لەسەر کەمبوونەوەی تەمەنی پاتریی سەیارەیە و لە لایەن تیمی ناوەڕۆکی هەرزانەوە نووسراوە و لە بڵاگی هەرزان ئەیخوێننەوە.

رەنگە بۆ تۆش ڕووی دابێ، کاتێک کە ویستووتە سەیارەکەت هەڵکەیت، هەر چەندە ستارت لێ ئەدەی بەڵام هەر ناکەوێتە کار و هەرچەندە سویچەکە ئەسووڕێنیتەوە بەڵام هیچ هەوڵێک لە لایەن مەکینەوە نابینی بۆ ئەوەی سەیارەکە هەڵکات. ئەمە ئەتوانێ یەکێک لە نیشانەکانی خراپبوونی پاتری بێت و یەکەمین شتێک کە ئەبێ گومانی لێ بکەیت ساغبوونی پاترییەکەتە.

ئەگەر پاتریی سەیارەکەت خراپ بووبێ تەنیا ڕێگەچارە بۆ هەڵکردنی ئەوەیە بە وایەرێک لە ڕێگەی پاتریی سەیارەیەکی ترەوە دای گرسێنیت.. ئەگەرچی ئەم کارە چارەسەرێکی کاتییە و پێویستە لە یەکەمین دەرفەتدا پاترییەکە بگۆڕیت. تەمەنی بەسوودی پاتری لە حاڵەتی ئاساییدا نزیکەی 2 ساڵە کە ئەتوانێ بەپێی ئاستی کارکردنی سەیارە و بەپێی دۆخی کەشوهەوا بگۆڕێت.

خراپبوونی پاتریی کێشەیەکی زۆر باوی سەیارەکانە و هەر بۆیەش لەم بابەتەدا، باس لە نیشانەکانی خراپبوون و هۆکارەکانی کەمبوونەوەی تەمەنی پاتری ئەکەین. لەگەڵمان بە.

نیشانەکانی خراپبوونی پاتری

– بیستنی دەنگێک وەک هەڵکردنی سەیارە و یان کەمبوونەوەی ڕووناکاییی لایتەکان لە نیشانەکانی لاوازبوونی پاترییە.

– لە پاترییە گەردیلەیییەکاندا، گڵۆپیک لەسەر لاشەی پاتری دانراوە کە لە زۆربەیاندا ڕەنگێکی فۆسفۆری هەیە. گەر پاتریی تازە بێت، ڕەنگی ئەم گڵۆپە ڕوون و دیارە بەڵام بەرە بەرە کە لە تەمەنی پاتری کەم ئەبێتەوە، گڵۆپەکەش بەرەو ڕەش ڕەنگ ئەگۆڕێت.

– بۆ ئەوەی بزانیت پاترییەکی تەڕ چەندە کاری کردووە ئەبێ بزانی ئاوی پاترییەکە لە چ ئاستێکدایە. لە حاڵەتی نۆرماڵدا پێویستە 10 بۆ 15 ملیمەتر بەرزتر لە ڕووبەرە مەرمییەکان بێت، ئەگینا پێویستە شەحنی بکەیتەوە.

– بۆ ئەوەی لە ساغبوونی پاتری بەتەواوەتی دڵنیا بیت، ئەبێ ڤۆڵتمەتر بەکار بێنیت و ڤۆڵتاژی پاتری بەراورد بکەیت. گەر ڤۆڵتاژ کەمتر لە 45/12 ڤۆڵت (سەدا 75) بێت واتە شەحنی کەم بۆتەوە و ئەبێ شەحنی بکەیتەوە.

هۆکارەکانی لەکارکەوتن یان کەمبوونەوەی تەمەنی پاتری

– گەرما و سەرمای زۆر بۆ پاتری خراپە. گەرمی ئەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە تۆڕ و ڕووبەرە ناوەکییەکانی پاتری و گەیێنەریی ئەلەکتریکیی پاتری کەم ئەکاتەوە. لە سەرمای زۆریشدا، لە کاتی داگیرساندندا پەستانێکی زۆر دێتە سەر پاتری. هۆکاریشی ئەوەیە کە لە پلەی گەرمیی نزمدا ڕۆنی مەکینە خەست ئەبێتەوە و بۆ هەڵکردنی سەیارە پێویستی بە تەزوویەکی کارەبایی زیاترە، بۆیەش هەر چەندە پاتریی کەمتر سەرما و گەرما بە خۆوە ببینێ، تەمەنی زیاتر ئەبێ.

– ئەوەی کە مەودایەکی کەم بە سەیارەکەت بڕۆیت و بەدوای یەکدا ستارت لێ دەی، لە تەمەنی پاتری کەم ئەکاتەوە. لە واقیعدا بەم کارە دەرفەتی شەحنبوونەوە بە پاترییەکەت نادەیت. بۆیەش ئەبێ جاروبار مەودایەکی زیاتری پێ بڕۆیت و یان لانی کەم زوو بە زوو سەیارەکەت نەکوژێنیتەوە.

– هەڵنەکردنی سەیارە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تەمەنی پاتری هەیە. گەر لەو کەسانەیت کە بۆ ماوەیەکی زۆر سەیارەکەت بەکارناهێنیت و زۆربەی مانگەکانی ساڵ لە گەراجدا دای ئەنێیت، نابێ پێشت سەیر بێ کە بۆچی پاترییەکەی لەکار کەوتووە یان ڤۆڵتاژەکەی کەم بۆتەوە.

– دزینی کارەباش یەکێکی تر لە هۆکارەکانی لەکارکەوتنی پاترییە. دزینی کارەبا دەستەواژەیەکی عەوامانەیە و لە کاتێکدا ڕوو ئەدات کە سەیارە کوژاوەتەوە بەڵام هەر لەو کاتەشدا ئامێرێکی تێدایە کە کارەبای پاتریی بەکار دێنێت. گەر ئەم کێشەیە درێژەی هەبێ، زۆر خێرا پاتریی سەیارە لەکار ئەخات. دزینی کارەبا زیاتر لە بەشەکانی قفڵی ناوەندی، تەسجیل، دزگر یان وایەر و پلاکەکان ڕوو ئەدات.

– گەر سیستەمی شەحنکەرەوی پاتریی بەباشی کار نەکات. واتە گەر دینام یان وایەرەکانی سەیارە کێشەی هەبێ یاخود بەهۆی کۆنبوونی پاترییەوە، شەحن نەکرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە لە کاتی ڕۆیشتندا، پاتریی ئۆتۆمبێل لەکار بکەوێت.

– بەشێکی تری سەیارە کە پێوەندی بە لەکارکەوتنی پاترییەوە هەیە، دینامۆکانییەتی. داینامۆ ڕۆڵێکی گرینگی لە کارکردنی پاتریدا هەیە و ئەرکی شەحنکردنەوەی پاتری و دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ بەشە کارەباییەکان وەک لایت و سیستەمی دەنگیی لەسەر شانە و گەر ئەم ئەشیایە کێشەیەکی هەبێ و ئەرکی خۆی بەجوانی ئەنجام نەدات، پەستانێکی زۆر بۆ پاتری دێت و ئەمەش ئەتوانێ ببێتە هۆی بەتاڵبوونی خێرای پاتری.

گەر پاتریی سەیارەکەت کۆنە و چیتر بەباشی شەحن نابێتەوە یان زۆر جار کێشەی بۆ دروست کردوویت، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە پاترییەکەت بگۆڕیت. لە حاڵەتی ئاساییدا ئەوپەڕی پاش 2 بۆ 3 ساڵ ئەبێ پاتریی ئۆتۆمبێلەکەت بگۆڕیت.

– کاتێک سەیارەکەت ڕائەگریت و بەرەو ماڵەوە ئەڕۆیت جاری وایە ڕەنگە لەبیرت بچێ لایتەکان بکوژێنیتەوە کە ئەبێتە هۆی بەتاڵبوونی پاتری. ئەگەرچی لە سەیارە نوێیەکاندا سیستەمێک بۆ پچڕانی کارەبا و کوژانەوەی ئەشیای کارەبایی سەیارە هەیە، تاکوو زیاتر لە ڕادە پاتری بەکار نەبرێت و ڕێ بە بەتاڵبوونی بگرێت. یەکسەرەبوونی گڵۆپی سندووق یان داشبۆردیش یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بەتاڵبوونی پاترییە.

ئێستا هەندێ لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی تەمەنی پاتری ئەزانیت، پێشنیارت پێ ئەکەین ئەم خاڵانە هەمیشە ڕەچاو بکەی تاکوو پاتریی سەیارەکەت تووشی کێشە نەبێت. ئەگەریش تا ئێستا ڕەچاوت نەکردوون و هەندێ لەو کارە هەڵەیانە وەکوو خووی لێ هاتووە بۆت و بەردەوام ناچار بوویت زووتر لە کاتی خۆی و تەمەنی ستاندارد، پاتریی سەیارەکەت بگۆڕیت، هەوڵ بدە لەمە بەدوا ئەم ڕێنمایییانەت لەبیر بمێنێ تا تەمەنی بەسوودی پاترییەکەت زیاتر بێت.

بۆ هەر چەشنە کڕین و فرۆشتنێک سەردانی سایتی هەرزان بکە.

ئەم بابەتەش هەر لە بڵاگی هەرزان بخوێننەوە: چۆن تەمەنی پاتریی سەیارەکەمان درێژتر بکەین؟

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.