ئەم بابەتە لەسەر تایبەتمەندییەکانی مۆبایلێکی بێکێشەیە و لە لایەن تیمی ناوەڕۆکی بڵاگی هەرزانەوە نووسراوە.
لە دەستەی “فرۆشتنی مۆبایل و تابلیت” لە سایتی هەرزاندا ئەتوانن کۆمەڵێک مۆبایلی دانراو بۆ فرۆشتن ببینن. بەڵام ڕەنگە بتانەوێ وەک پسپۆڕێک بتوانن هەموو بەشەکانی مۆبایلێک بپشکنن و بتوانن مۆبایلێکی بێعەیب بکڕن. ئەم دە تایبەتمەندییە دەری ئەخات مۆبایلێک کێشەی نییە؛
- پێوەندییەکی پێوە بکەن
مۆبایل ئەبێ شەبەکەیەکی باشی هەبێت. سیمکارتەکەتانی تێ بخەن و پیوەندییەکی پێوە بکەن. لە بێکێشەبوونی سپیکەر و دەنگی مایکرۆفۆن لە کاتی پێوەندییەکەدا دڵنیا ببنەوە. دەنگەکە نابێ خشەخشی هەبێ.
- پاترییەکەی بێعەیب بێت
سەرەکیترین کێشەکانی پاتری ئەمانەن: زوو بەتاڵبوونەوەی شەحنەکە، درەنگ پڕبوونی شەحنەکە، تێنەچوونی شەحن، کوژانەوە وێڕای هەبوونی شەحن و گەرمکردنی لە ڕادەبەدەری پاتری.
پاتری ئەبێ لە 2 بۆ 3 کاژێردا بەتەواوی پڕ ببێتەوە و بۆ ماوەیەکی باش هەڵبکات.
- مۆبایلەکە ڤایرۆسی نەبێت
ئەگەر پاترییەکەتان خێرا بەتاڵ ئەبێتەوە، هەندێ ئەپ بەبێ ئاگاداریی ئێوە لەسەر مۆبایلەکەتانەوەیە، کۆنێکشنەکانی ئینتەرنێت ئۆتۆماتیک ئۆن و ئۆف ئەبێت، لە ئینتەرنێتەکەتان پەنامەکی کەم ئەبێتەوە ئەبێ گومان بکەن لە بوونی هەندێ ماڵوەیر بەسەر مۆبایلەکەتانەوە. نیگەران مەبن. هەموو دیتاکانی بسڕنەوە و ئەنتی ڤایرۆسێکی لەسەر دابەزێنن.
- تەچ و ئێڵسیدییەکەی بێکێشە بێت
تەچ و شاشە لە مۆبایلە نوێکاندا تۆکمەیە و لە مۆبایلە کۆنترەکاندا جیایە. شاشەکە نابێ زەرد بێت. زەردبوونی شاشە هێمای زۆر ئیشکردنی مۆبایلە.
- نەکەوتبێتە ناو ئاوەوە
مۆبایلێک کەوا کەوتبێتە ناو ئاوەوە زۆربەی کاتەکان پێویستی بە گۆڕینی تۆچ و خەریتە هەیە. گۆڕینی خەریتە هاونرخە لەگەڵ کڕینی مۆبایلێکی نوێدا. زۆربەی ئەو مۆبایلانەی کەوتبێتنە ناو ئاوەوە هەر داناگیرسێن. بەڵام ئەگەر داشگیرسێن بزانن شاشەکەی لە هەندێ بەشیدا ڕووناکترە.
- کامێراکانی بێعەیب بن
هەندێ وێنە بە هەموو کامێراکانی بگرن. ئاگادار بن پیکسڵی سووتاوی تێدا نەبێت. کۆمەڵێک وێنەش بە فلاشەوە بگرن و لە سەلامەتبوونی فلاشەکەش دڵنیا ببنەوە. بوونی شوخت لەسەر لێنزەکان ئەبێتە هۆی لێڵبوونی وێنەکان.
- مۆبایلەکە خاو نەبێت
ڤایرۆس، پڕبوونی بیرگەی مۆبایل، کۆنبوونی مۆبایل، زۆربوونی بەرنامە ڕانکراوەکان ئەبنە هۆی خاوبوونەوەی مۆبایلێک. پێش لە هەر شتێک چاو لە بیرگەی مۆبایلەکە بکەن. تاکوو مۆبایلەکەش ئەپدەیتتر بێت، خێراترە.
- بەشە لاوەکییەکانی مۆبایل بەباشی ئیش بکەن
کۆنێکت ببن بە وایفایەوە. بلووتووس تاقی بکەنەوە. مایکرۆ ئەسدی تاقی بکەنەوە. ڕۆتەیشنی مۆبایلەکەش تاقی بکەنەوە. ئەم بەشە لە مۆبایل هاوپێوەندە بە بەشی ژیرۆسکۆپەوە و ئەبێ تاقی بکرێتەوە.
- دوگمەکان بێکێشە بن
دوگمەکانی مۆبایل بەراورد بە جاران زۆر کەم بوونەتەوە. بەس دوگمەی ئۆن و ئۆف، کەم و زۆرکردنی دەنگ و لە هەندێ مۆبایلی ئایفۆندا دوگمەی سایلێنت کردن هەر ماون. ئەمانە تێست بکەن.
- پێوەندییە کەیبلییەکان تێست بکەن
کەیبلەکان زوو خراپ ئەبن. بۆ تاقیکاری بە کەیبل مۆبایلەکەتان کۆنێکت بکەن بە کۆمپیتەرێکەوە و دڵنیا ببنەوە لەوەی کە مۆبایلەکە لە لایەن کۆمپیتەرەکەوە ئەناسرێت.
بۆ کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە مۆبایلێک سەردانی سایتی هەرزان بکەن