هەرزان بڵاگ

باشی و خراپییەکانی کڕینی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو چییە؟

سەیارەی بەکارهاتوو

ئەم بابەتە لەسەر کڕینی سەیارەی بەکارهاتووە و لە بڵاگی هەرزان ئەیخوێنیتەوە.

گرینگترین هۆکاری گەشەی بازاڕی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو، نرخی باشی ئەو سەیارانە بۆ کەسانێکە کەوا پارەیەکی دیاریکراو و توانایەکی سنوورداریان بۆ کڕین هەیە. بەپێی نەریتی بازاڕ، نرخی سەیارەیەکی بەکارهاتوو لانی کەم سەدا 15 کەمتر لە سفرکیلۆمەتری هەمان سەیارەیە. لە ناوخۆی کوردستاندا بەهۆی گومرگی دابڕاو بەسەر سەیارەی بیانی، سعریان زیاتر لە بەهای ڕاستەقینەیانە. هەر بۆیەش لە بازاڕی سەیارەی دەستی دوودا، دەرەفەتێکی زۆر باش دەڕەخسێ بۆ ئەوەی بە نرخێکی زۆر باش، سەیارەیەکی بیانی بکڕیت.

ئۆتۆمبێلی بە کارهاتوو، دابەزینی نرخی سەرەکیی خۆی تێ پەڕاندووە و گەر دیسانەوە بەنیاز بووی بیفرۆشیتەوە، ئەوا نرخی نایەتە خوارەوە و خەسارێکی ماڵیی وەهات لێ ناکەوێ. بەو مەرجەی بەباشی ئاگات لێی بووبێت و تووشی پێکدادان نەهاتبێت. پسپۆڕانی بواری  ئۆتۆمبێل و کارناسانی ئابووری پێیان وایە باشترین کاتی کڕینی سەیارەی بەکارهاتوو، کاتێکە کە دوو ساڵ لە تەمەنی تێ پەڕیبێت. لەم کاتەدا لانی کەم سەدا بیستی سعری دابەزیوە و بەڵام هێشتا لە لایەن کۆمپانیای فرۆشیار، زەمان و خزمەتگوزاریی پاش فرۆشتنی بۆ دابین ئەکرێت. یەکێک لە کێشەکانی ئۆتۆمبێلێک کە زیاتر کاری کردبێ ئەوەیە کە خزمەتگوزاریی پاش فرۆشتنی بۆ نییە. زۆربەی کات سەیارەی نوێ خزمەتگوزارییەکی بەربڵاوی بۆ لەبەرچاو ئەگیرێت. لە حاڵێکدا کە ئەگەر سەیارەیەکی کۆن بکڕیت ئەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بیت کە ئەشیاکەی دەست نەکەون یان بە نرخێکی زۆرەوە لە بازاڕدا بفرۆشرێن.

نرخی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو بە پێچەوانەی مۆدێلی سفرکیلۆمەتر بەپێی هیچ یاسایەک دیاری ناکرێت و لە سەیارەیەکەوە بۆ یەکێکی تر ئەگۆڕدرێت. تەنانەت سەیارەی وا هەیە کە ئەگەرچی کواڵێتیی بەرزی هەیە بەڵام بەهۆی ئەوەی بە ژمارەیەکی کەم بەرهەم هاتووە یان چیتر بەرهەم نایەت زۆر هەرزان ئەفرۆشرێت. باشییەکی دیکەی کڕێن لە بازاری دەستی دوودا جۆربەجۆریی ئەو سەیارانەیە کە چیتر بەرهەم نایەن.

بێگومان ئۆتۆمبێلی سفرکیلۆمەتر لەچاو بەکارهاتووەکەی لە هەموو بارێکەوە باشتر کار ئەکات و کڕیاریش لە کاتی کڕینیدا سەبارەت بە کارکردن و بەهای سەیارە دڵەڕاوکێی نییە. بەڵام لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووشدا ئەتوانی سەیارەیەک بکڕیت کە لە ڕووی ڕواڵەت و تەکنیکیشەوە هێندە جیاوازیی لەگەڵ سەیارە نوێکەی نەبێت و لە هەمان کاتدا بە نرخێکی خوارتر بیکڕیت. بەو مەرجەی لەبیرت بێ لە لایەن کەسێکی پسپۆڕی ئۆتۆمبێلەوە بەوردی فەحسی بۆ بکەیت. ڕەچاونەکردنی ئەم خاڵە لەوانەیە زیانی ماڵی و تەنانەت گیانیشی بۆ کڕیار بەدواوە بێت. بۆ نموونە ئەگەر ستوون و شاسیی سەیارەیەک لێی درابێ و پێی نەزانن، تەندرووستیی سەرنشینەکان ئەکەوێتە مەترسییەوە.

گەورەترین خراپیی مامەڵە لە بازاڕی دەستی دوودا ئەوەیە کە ڕیسکی لە سەرەوەیە. کەسانێکی هەلپەرست بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕێگەی نائەخلاقی و نایاسایییەوە پارە دەردێنن، بۆ نموونە کیلۆمەتری ڕۆیشتووی ئۆتۆمبێلەکە ئەگۆڕن یاکوو نیشانەی دەعم یان بۆیاخی سەیارەکە ئەشارنەوە. واتە گەر سەیارەیەک بکڕیت کە خراپییەکانی لە لایەن فرۆشیار یان دەڵالەوە داشاردرابێ، وێڕای ئەوەی پارەیەکی زیاتر لەوەی بەهای ڕاستەقینەیەتی بۆی سەرف ئەکەیت، لە لایەکی دیکەوە بۆ چاککردنەوە و گۆڕینی ئەشیاکانیشی پارەی زۆرت ئەچێ. سکاڵا تۆمارکردن لە فرۆشیاریش کارێکی ئاسان و بەخۆڕایی نییە. وێڕای ئەوەش ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو لەوانەیە چەند جار مامەڵە بکرێت و ڕەنگە دواهەمین خاوەنەکەی بەڕاستی بە کێشەکانی نەزانێت. ئەگەرچی ئەمڕۆکە فەحسی سەیارە بە شێوەیەکی پسپۆڕانە بە یارمەتیی ئامێر و زانستی ڕۆژ و لە لایەن فیتەر و کۆمپانیای جێمتمانە ئەنجام ئەدرێت و لە دەسنیشانکردنی کێشەی تەکنیکی و لاشەی سەیارە زۆر کەم بە هەڵەدا ئەچن.

باشییەکی دیکەی سەیارەی بەکارهاتوو ئەوەیە کە زۆربەی کڕیاران پاش کڕینی سەیارە بە سیستەمی جۆراوجۆر وەک سیستەمیی دەنگیی پێشکەوتوو، دزگر، بەرپێ و کۆشنی باش و دیکەی پێداویستی و ئامێرەکان تەیاری ئەکەن. ئەمانە لە کاتی فرۆشتندا لەسەر سعری سەیارە کاریگەرییەکی وەهای نییە. هەر بۆیەش سەیارەیەک ئەبەیتەوە بۆ ماڵ کە لەچاو سەیارەی نوێ، ئامادەتر و لە هەمان کاتدا پارەی کەمتری بۆ سەرف کراوە.

بۆ کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە سەیارەیەک سەردانی سایتی هەرزان بکەن.

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.