هەرزان بڵاگ

خاڵە گرنگەکانی کڕینی سەیارە

کڕینی سەیارە

ئەم بابەتە لەسەر خاڵەکانی کڕینی سەیارەیە و لەلایەن تیمی ناوەڕۆکی بڵاگی هەرزانەوە نووسراوە.

ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر سەیارەی بەکارهاتوو لە هەرزاندا مامەڵە ئەکرێن. زۆربەی خەڵک پێیان باشترە لەجیاتیی کڕینی سەیارەی نوێ لەدوای ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتووەوە بن, بۆ ئەوەی پارەی کەمتر سەرف کەن و وێڕای ئەوە لە کاتی فرۆشتنەوەشیدا سعری سەیارەکە زۆر دانەبەزێت.

بەڵام هەر کاتێک ویستت ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو بکڕیت لەم دە خاڵەی خوارەوە ئاوڕ بدەوە و با لەبیرت بن:

1- ئاگادار بە کە چەندە پارەت هەیە. کڕینی سەیارەی بەکارهاتوو پێویستی بە پشکنینی زۆر هەیە بۆ ئەوەی کەمترین تێچووی هەبێ. وێڕای وردبوونەوە لە بۆیاخ، تایە، تەندروستیی تەکنیکی و … هەندێ خاڵی دیکەش هەن کە ئەبێ فەحسیان بۆ بکرێت وەکوو: ڕێژەی سووتەمەنی پێویست، ژینگە، سەنەوی و زەمان.

2- لیستێک لەو سەیارەیانەی بیریان لێ ئەکەیتەوە ئامادە بکە. هەموو کەس ئەزانێ سەیارەی کامری یان ئەڤەلۆن لە بازاڕدا لایەنگری زۆریان هەیە و کواڵێتییەکی باشیشیان هەیە، بەڵام کاتێک باسی پارە دێتە پێشەوە دەتوانی بیر لە هەندێ سەیارەی دیکەش وەکوو تیدا و سەنی بکەیتەوە. پێشنیاری ئێمە ئەوەیە گەر ئەتەوێ پارەی کەمتر سەرف بکەیت، ئەوا تەرکیز مەخە سەر یەک مۆدێل یان براند. بەڵکو بەپێی بارودۆخی ماڵیتەوە لیستێک لەو سەیارەیانە ئامادە بکە کە پێداویستیی تۆ دابین ئەکەن. گەر ئەتەوێ ئۆتۆمبێلێک بە تەمەنی کەمتر لە 5 ساڵ بکڕیت حەتمەن لەبیرت بێ کارتی زەمان بۆ دەسنیشانکردنی سعری سەیارەکە کاریگەرە.

3- لە پێش بڕیاری کۆتایی، نرخەکان بەراورد بکە، بۆ ئەم کارە سەرەتا مۆدێلەکان و براندەکان دیاری بکە و دوایی لەگەڵ یەک هەڵیان سەنگینە. ئەو بەراوردە ئابوورییە ئەبێ بەپێی پێداویستییەکانی خۆت ئەنجام بدەیت.

4- لە نزیکی شوێنی نیشتەجێبوونت شوێنی مامەڵەی ئۆتۆمبێلە بەکارهاتووەکان بدۆزەوە. بەم شێوەیە بە کەمترین کات و پارە ژمارەیەکی زۆر سەیارەی بەکارهاتوو لەبەر دەستتدایە. لەو قۆناخەدا چەند سەیارەیەک کە بەدڵتە هەڵبژێرە و ژمارەی خاوەنەکانیان هەڵبگرە بۆ ئەوەی پێوەندییان پێوە بکەیت.

5- پێوەندی بە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە بگرە کە دەسنیشانت کردوون و بارودۆخی ئۆتۆمبێلەکەیان بەراورد بکە، بۆ ئەم کارە ئەتوانی گوێ بۆ قسەی خاوەن سەیارەکە بگریت، بەڵام لەبیرت نەچی کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە.

6- کاتێک سەیارەیەکی گونجاوت دۆزییەوە، بەپەلە مەڕۆ بۆ بینینی، پێوەندی بە خاوەن سەیارەکەوە بگرە. ئەو زانیارییەی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلەکە پێویستە لێی بپرسە. داوای لێ بکە لە ڕێگەی یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕاپۆرتی پێوەندیدار بەو سەنتەرەی کەوا ئۆتۆمبێلەکەی زەمان کردووە، بنێرێ بۆت. جاری وایە فرۆشیار باسی هەندێ شت ئەکا کە لەوانەیە لەسەر بڕیاری کۆتاییی تۆ کاریگەر بێت و بیگۆڕێت. لە پێش ئەوەی سەیارەکە ببینیت، هیج باسی نرخی سەیارە یان داشکان مەکە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگی کڕینی سەیارەی بەکارهاتووە.

7- ئێستا ئەتوانیت بڕۆیت و سەیارەکە ببینیت. لەبیرت بێ هەموو شتێ تەنیا لە تەندروستیی تەکنیکی و ڕێکبوونی رواڵەتیدا کۆ نابێتەوە. بەڵکو ئۆتۆمبێل وەکوو هاوڕێیەک وایە و پێش لەوەی هەڵی بژێریت ئەبێ بەوردی فەحسی بۆ بکەیت.

– ئایا ئەتوانی بەئاسوودەیییەوە سواری بیت و یان دابەزیت؟ بەرزایی سەیارەکە کێشەیەک بۆ سەرت دروست ناکات؟ شوێنی دانیشتن و بەرپێیەکەی گونجاوە؟ هەر ئەم خاڵانە بۆ دواوەی ئۆتۆمبێلەکەش بپشکنە.

– بزانە کۆشنەکانی ئاسوودەیە؟ ئایا بەسەر سوکان، بۆنیت و قەبارەی سەیارەکە بە ڕادەی پێویست زاڵیت؟

– بزانە گڵۆپی فەحسی مەکینە کە لەتەنیشت کیلۆمەترژمێرەکەدایە، هەڵبووە یان نا؟

– چاو لە ئاوێنەکانی تەنیشت و ئاوێنەی ناوەڕاست بکە بزانە ڕوانینێکی گونجاوت بۆ دابین ئەکات؟

– فەحسی تایەکان بکە و بزانە چ ماوەیەک کاریان کردووە؟

– بۆن بکە و بزانە ئایا هەست بە بۆنی وەک دووکەڵ، ڕۆن یان بەنزین ئەکەیت؟ ئەمە نیشانەیەکی باش نییە!

– سیستەمی فێنککەرەوەی بپشکنە و بزانە هەوا فێنک ئەکاتەوە؟

– ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی سەیارەکەش بپشکنە وەک بەفرسڕەکان، جامشۆرەکان و سرڤیسی ڕێکخستنی ئاوێنەکان.

8- لە ڕووی تەکنیکییەوە فەحسی بۆ بکە. پاش ئەوەی لە باری ڕواڵەت و کەرەستەکانەوە، سەیارەکەت پەسەند کرد ئینجا بیبە بۆ لای فیتەرێک. هیچ کات مەهێڵە فرۆشیار فیتەرت پێ بناسێنێ و بۆ ئەم کارە کەسی متمانەپێکراوی خۆت بەکار بێنە. لە پێش ئەوەی بیبەیت بۆ لای کەسێکی پسپۆڕ، سواری ئۆتۆمبێلەکە بە و کەمێک شۆفێری بکە با ئەگەرهەستت بە شتێکی نەگونجاو کرد لە فیتەرەکە بیپرسیت.

9- داوای مەعامەڵە بکە. پاش ئەوەی سەیارەکەت هەڵبژارد ئینجا ئەگاتە باسە خۆشەکەی دیاریکردنی نرخی سەیارە. قەت بۆ فرۆشیار دەری مەخە کتومت چەندە پارەت بۆ ئەو کارە وەلا ناوە. بڕێکی کەمتر لەوەی بۆت ئەگونجێ پێشنیار بدە، بەڵام پێشنیارەکەت ئەبێ بەپێی لۆجیک بێت. کاتێک باس لە سعری سەیارەکە ئەکەیت ئەبێ ڕەوشتناسێکی بەتوانا بیت. بە شێوەیەک قسەکەت بکە کە فرۆشیار قبووڵی بکات، نەک ئەوەی هەست بکات گاڵتەی پێ ئەکەیت یان بەفێڵەوە لەگەڵی ئەجووڵێیتەوە.

10- برووکراسی بکە! پاش تەواوکردنی قۆناخەکانی سەرەوە ئێستا نۆرەی نووسینی بەڵگەی مەعرەز و سەودانامەیەکی گونجاوە کە تێیدا ڕێگری لە چی هەڵەیە بکەیت. بۆ ئەم کارە دڵنیا بە ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ ئەکەیت خاوەنی ڕاستەقینەی ئۆتۆمبێلەکەیە. بۆیەش ئەبێ داوای لێ بکەیت جنسیەکەی پیشانت بدات. شەرمیشی پێ ناوێ. تێکڕای ئەو خاڵانەی قسەتان لەسەری کردووە لەسەر پەڕەی کاغەز بینووسنەوە و پێش لەوەی واژۆی بکەیت دیسان بیخوێنەوە. گەر خاڵێکی ناڕوونی تێدایە بیسڕەوە یان لەبارەیەوە پرسیار بکە. لەبیرت بێ قەرزاری فرۆشیار نیت، بەڵکو ئەتەوێ شتێکی لێ بکڕیت و پارەی پێ بدەیت. بۆیەش نابێ هیچ لایەنێکی تاریک و ناڕوون لە مێشکتدا بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە باشتر بەریتە پێشەوە ئەتوانی هەندێ بەڵگەی مەعرەزی لە پێشدا ئامادەکراو بەکار بێنیت. ئێستا بەئاسوودەیییەوە ئەتوانی بۆ ئەم خاوەنێتییە نوێیەت جێژن بگریت. پیرۆزت بێ!

بۆ کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە سەیارەیەک سەردانی سایتی هەرزان بکەن.

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.