هەرزان بڵاگ

ئەو 6 فێڵەی دەڵاڵان بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەکاری دێنن

مەعرەزچی

ئەم بابەتە لەسەر فێڵی دەڵاڵان بۆ فرۆشتنی سەیارەکانیان و لە لایەن تیمی ناوەڕۆکی هەرزانەوە نووسراوە و لە بڵاگی هەرزان خوێنەری ئەم بابەتەن.

بێگومان کڕین و فرۆشتنی سەیارە یەکێک لەو کارە دژوارانەیە کە زۆر کەس لە ژیانیاندا ئەبێ ئەنجامی بدەن. ئەوەی کە نازانیت بۆ چ سەیارەیەک پارە سەرف ئەکەیت و بەرامبەرەکەت تا چ ڕادەیەک لە وتەکانیدا ڕاستگۆیە، تووشی دڵەڕاوکێت ئەکات. جاری وایە سەیارەیەک ئەکڕیت و پاش مامەڵەکە یان پاش چەند مانگێک تێ ئەگەیت کە بۆیاخ کراوە یان تەنانەت دەعمی بووە و پێت نەزانیوە.

6 فێڵی دەسبڕکردن لە مامەڵەی ئۆتۆمبێلدا

بۆ ئەوەی ڕێگە بەو دەڵاڵییانەوە بگریت کە ڕەنگە زیانت پێ بگەیێنن، لەم نووسراوەیەدا نیازمان وایە فێڵەکانیان بڵێینەوە تا بتوانیت وشیارانە و بە ڕوانگەیەکی دروستەوە مامەڵەکەت ئەنجام بدەیت.

1- نمایشێکی درۆ ئەخەنە گەڕ

یەکەمین و باوترین فێڵی دەڵاڵەکان ئەوەیە کە نمایشیکی درۆ وەڕێ ئەخەن. بۆ نموونە کاتێک لە بازاڕی سەیارەدا بەدوای سەیارەیەکدا ئەگەڕیت، گرووپێک لە دەڵاڵەکان بەرەو لای تۆ دێن و سەیارەیەکت پێ نیشان ئەدەن. ئەڵبەت وا پیشان ئەدەن کە بەیەکەوە نین و چەند کەسێکیان خۆیان وەکوو کڕیار ئەنوێنن.

فرۆشیار پاش ئەوەی دڵت لە سەیارەکە چوو، دەست ئەکات و بە باڵای سەیارەکەدا هەڵئەڵێت و ئەوانی تریش خۆیان کڕیار و خوازیاری ڕاستەقینەی ئەنوێنن. فرۆشیاریش بەردەوام هەوڵ ئەدا ناچارت بکات خێرا بڕیار بدەیت. وا قسەت لەگەڵ ئەکات واتە گەر تۆ ناتەوێ کەسانی تر هەن کە ئەیانەوێ بیکڕن. لە کاتی وەهادا چوونکە پێت وایە دەرفەتەکە لەکیست ئەچێ، خۆت ئەخەیتە پەلە و بڕیاری لەسەر ئەدەیت.

2- بازاڕی سەیارەکەیان گەرموگوڕ ئەنوێنن

فێڵێکی تری فرۆشیاران ئەوەیە کە بۆ هەموو کڕیارەکان یەک کات بۆ چاوپێکەوتن دیاری ئەکەن. بەم شێوەیە تۆ کە بەڕاستی ئەتەوێ سەیارە بکڕیت و ئاگات لە هیچ نییە، لەگەڵ خۆت ئەڵێی چ سەیارەیەکی باشە وا ئەم هەموو خوازیارەی هەیە. ئەڵبەت کڕیارەکانی تریش هەر وا بیر ئەکەنەوە.

بەڵام لە ڕوانگەی دەڵاڵێکەوە جیاوازییەکی نییە کام یەکە لە ئامادەبووان کڕیار بێت، لەو ناوەدا کەسێک هەر فریو ئەخوات و بەپەلە دوایین بڕیاری خۆی بۆ کڕین ئەدات. ئەڵبەت جاری وایە پێش لەوەی بگەیتە شوێنی دیدارەکەتان فرۆشیار سەیارەکە بە کەسێکی تر ئەفرۆشێت و تۆ هەر فریا ناکەویت سەیارەکە ببینیت و لە کۆتاییدا تەنیا داوای لێبوردنت لێ ئەکات. هەر بۆیەش باشتر وایە فریوی ژمارەی ئامادەبووان نەخۆیت و بەوشیارییەوە بڕیار بدەیت و تەنانەت گەر ئەگەری ئەوەش هەیە کەسێک زووتر لە تۆ ئۆتۆمبێلەکە بکڕێت، دیسان هەر پەلە نەکەیت.

3- پسپۆڕی درۆیین دێنێتە کایەوە

تا ئێستا کەم بووە دەڵاڵێکی ئۆتۆمبێل ڕاستگۆیانە باسی کێشە و گرفتەکانی سەیارەکەی بکات و ئەم کێشەیانە زیاتر پاش مامەڵە و گۆڕینی ژمارەی سەیارە دەرئەکەون کە ئیتر کار لە کار ترازاوە. جاری وایە کێشەکان زۆر جیددی نین و ئەوپەڕی تێ ئەگەی کە سەیارەکەت گرانتر کڕیوە، بەڵام جاری واشە ڕەنگە هەندێ گرفت وەک کێشەی شاسی و وەرگەڕاندنی سەیارە لێت ئەشاردرێتەوە کە دواتر زیانی گیانی و دارییی زۆری بە شوێنەوە هەیە.

دەڵاڵی سەیارە نەک تەنیا ڕاستگۆیانە لەبارەی سەیارەوە نادوێن بەڵکوو جاری وایە فیتەری ساختەش بەکار دێنن بۆ ئەوەی وتەکانی خۆیان بسەلمێنن. ڕەنگە دیبێتت لە شوێنی کرین و فرۆشتنی سەیارەدا هەندێ کەس بە جلی فیتەرییەوە بە شێوەی گەڕۆک خزمەتگوزاریی پسپۆڕانە ئەخەنە بەردەست. زۆربەی دەڵاڵانیش پێداگری ئەکەن هەر بۆچوونی ئەو پسپۆڕانە لە مامەڵەکەدا بەکار بێنیت. دیارە تێکڕای ئەو کەسانە دەستیان لە کاسەیەکدایە و فەحسێکی پسپۆڕانە و بەبێ لایەنگری ئەنجام نادەن.

4- سەرنجتان بەرەو ئامێری لاوەکی ڕائەکێشن

ڕەنگە پێش هاتبێت زیاتر لەوەی تەرکیز بخەیتە سەر ئەشیا سەرەکییەکانی سەیارەیەک، ئاوڕ لە ئامێرە لاوەکییەکانی بدەیتەوە. ئامێری وەک تەسجیل، کابینە، دەعامی، کوشنەکان، لایتەکان و هتد هەمیشە ئەتوانێ فریوت بدات. بەڵام لەبیری نەکەیت ئەگەر ئەتەوێ سەیارەیەکی ساغ و باش بکڕیت، نابێ کەمترین ئاوڕ لە ئاکسێسۆری بدەیتەوە و تەنیا ئەبێ خودی سەیارەکە فەحس بکەیت.

فێڵێکی تر کە دەڵاڵەکان بەکاری دێنن ئەوەیە کە لە تێکڕای ماوەی دیدارەکە سەرنج و تەرکیز ئەخەنە سەر ئامێرە لاوەکییەکان و بەردەوام ئەڵێن بەم هەموو پێداویستییەوە بەهای ئەم سەیارەیە زۆر زیاترە، بۆ ئەوەی ئەیەوێ تۆ بۆ کڕین وەسوەسە بیت. کارواش، واکس و پۆلیش و بەکارهێنانی بۆنگر بۆ تازە و نوێ نواندنی سەیارەش کە ئیتر شتێکی زۆر باوە. هەر بۆیەش ئەبێ ئاگات لێ بێت فریوی ئەم شتانە نەخۆیت.

5- لە نەزانینی تۆ بەخراپە سوود وەرئەگرن

بێگومان کاری تۆ کڕین و فرۆشتنی سەیارە نییە و بڕیاریش نییە هێندەی کەسێک کە لەو بوارەدا کار ئەکات، زانیاریت هەبێ. دەڵاڵەکان بەباشی لەمە تێ گەیشتوون و بەخراپە سوودی لێ وەرئەگرن. واتە زانیاریی ناڕاست لەبارەی سەیارەکەوە ئەدەن. ئەم زانیارییانە ئەتوانێ لەبارەی نرخی ئۆتۆمبێلەکە بێت یان بازاڕەکەی یان ئەو کۆمپانیایەی بەرهەمی هێناوە. یاخود زانیاریی ناڕاستی تەکنیکیی لەبارەی ئۆپشنەکانی تری سەیارەوە. ئەمە ئەو شتانەیە کە بە زمانچەورییەوە بۆ کڕیار باسی ئەکەن.

باشترە بزانیت زۆریش پێداگرن کە بۆچوونیان پسپۆڕانەیە و بەردەوام بۆ سەلماندنی وتەکانیان، ئەڵێن کە ئەمە وتەیەکی پسپۆڕانەیە. هەر بۆیەش نابێ فریوی ئەم قسەیانە بخۆیت و باشتر وایە پێش لە کڕینی سەیارە هەندێ لەبارەی بازاڕی سەیارەکە، سعری مۆدێلە هاوشێوەکانی، سەیارەی دڵخوازی خۆت و وردەکارییەکانییەوە زانیاریی کۆ بکەیتەوە، یان حەتمەن لەگەڵ کەسێکی زانا لەو بوارەدا ڕاوێژ بکە.

6- بڕیارنامەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان ڕێک ئەخەن

لەبەر ئەوەی دەڵاڵەکان ئەزانن کارەکەیان کێشەی هەیە و لەوانەیە کڕیار لە ڕەوتی کڕیندا پێیان بزانێت و قەرارەکە هەڵوەشێنێتەوە، بە شێوەیەک بڕیارنامەکە ئەنووسن کە تێکڕای خاڵەکانی بەسوودی خۆیان بێت و دەستی کڕیار ئەبەستنەوە، کڕیاریش کە پاش تەواوبوونی مامەڵەکە بە کێشەی سەیارەکە ئەزانێت، ئیتر رێگەیەک بۆ گەڕانەوەی خۆی نابینێت.

بۆ رێگریکردن لەم جۆرە ڕووداوانە لە پێش ئەوەی پێشەکییەک بدەیت یان بڕیارنامەیەک واژۆ بکەیت، لەگەڵ کەسێکی شارەزا ڕاوێژ بکە یان خۆت زانیاریی پێویست لەو بارەوە کۆ بکەرەوە. لەبیرت نەچێ باشترە بڕیارنامە لە سێ پەڕەدا بنووسرێت، لاپەڕەیەکی بە لای کڕیارەوە، لاپەڕەیەکی بۆ فرۆشیار و لاپەڕەیەکیش بە لای مەعرەز یان شوێنی پەیوەندیدارەوە ئەمێنێتەوە. هەروەها ئەگەر فرۆشیار وای دەربڕی کە سەیارەکە بۆیاخ نەکراوە حەتمەن لە بڕیارنامەکەدا بینووسە.

ئەو خاڵانەی لەم نووسراوەیەدا باسی لێ کراوە تەنیا چەند فێلێک بوو کە زۆر جار دەڵاڵانی بازاڕی ئۆتۆمبێل بەکاری دێنن. بەڵام جۆرەکانی دەسبڕکردن لە خۆ ناگرێتەوە کە ئەتوانن زیانی زیاترت لێ بدەن. هەر بۆیەش لەو بارەوە ئەبێ زانیاری پێویستت ببێ و لەگەڵ کەسێکی شارەزا ڕاوێژ بکەیت.

بۆ کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە سەیارەیەک سەردانی سایتی هەرزان بکە و لەوێ بەئاسانی بفرۆشە و بکرە.

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.