هەرزان بڵاگ

12 هۆکاری بەدیارکەوتنی گڵۆپی چێک (chek)ی سەیارە

گڵۆپی چێکی داشبۆرد

ئەم بابەتە لەسەر هۆکارەکانی هەڵکردنی گڵۆپی چێکە لەسەر داشبۆردی سەیارەیە و لە بڵاگی هەرزان ئەیخوێننەوە.

ڕەنگە تۆش لەو کەسانە بیت کە گڵۆپی چێکی ئۆتۆمبێلەکەت لە کاتی شۆفێریکردندا هەڵبووبێت و لەو کاتەدا نەتزانیوە چی بکەیت. باشترە بزانیت کە پێویست نییە دەسبەجێ سەیارەکەت ڕاگریت، چوونکە هەندێ جار بەڕاستی کێشەیەکی جیددی نییە. پێشنیار ئەکەین ئەگەر لە کاتی شۆفێریکردندا گڵۆپی چێکی سەیارەکەت هەڵ بوو، مەودایەکی نەک زۆر درێژ شۆفێری بکە، گەر گڵۆپەکە کوژایەوە و ئیتر لە ڕۆژانی داهاتووشدا هەڵ نەبوویەوە ئەوا کێشەیەکی جیددی نییە، بەڵام گەر دیسان ئەو حاڵەتە ڕووی دا، ئەبێ بزانیت کێشەیەک هەیە و پێویستە چارەسەری کەیت.

هەڵکردنی گڵۆپی چێکی ئۆتۆمبێل لە زۆربەی کاتدا خاوەنەکەی تووشی دڵەڕاوکێ ئەکات، چوونکە ئەو هۆشدارییە هێندە گشتییە شۆفێر نازانێت ئەبێ چی بکات. هەر بۆیەش ئێمە لەم بابەتەدا 12 هۆکاری هەڵکردنی گڵۆپی چێکی سەیارەت پێ ئەناسێنین.

هۆکارەکانی هەڵکردنی گڵۆپی چێکی ئۆتۆمبێل

1- سێنسەری ئۆکسیجن

باوترین هۆکاری هەڵکردنی گڵۆپی چێکی سەیارە سێنسەری ئۆکسیجنە. ئەم کێشەیە بە سەرفی پارەیەکی کەم چارەسەر ئەکرێت بەڵام گەر بەردەوام بێت و سێنسەرەکە خراپ بێت ئەوا ئەتوانێ زیان لە ئەشیای گرانی سەیارەکەت بۆ نموونە کەتالیزۆر بدات. هەروەها خراپبوونی ئەم سێنسەرە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپیووتەری ناوەندیی ئۆتۆمبێل زانیاریی هەڵە وەرگرێت و ڕەنگە ئاستی بەکارهێنانی سووتەمەنی تا سەدا 40 زیاد بکات.

2- کێشەی کەتەلیتیک کۆنڤێرتەر

ئەم کێشەیە زیاتر لە ئۆتۆمبێلی کۆن و پەککەوتەدا ڕوو ئەدا و گۆڕینی، پارەیەکی زۆری پێویستە. بۆ ئەوەی ڕێ بەم حاڵەتە بگریت باشتر وایە بەردەوام ئاگات لە دۆخی سێنسەری ئۆکسیجن و هەروەها پلاک و ڕۆنی مەکینەش بێت. ئەگەر کەتەلیتیک کۆنڤێرتەر خراپ بووبێت، وای لێ ئەکا کە مەودای ڕۆیشتوو لەگەڵ سووتەمەنی بەکارهێنراو نەخوێنێتەوە و هەرچی زیاتر پێ بەسەر پایدەری بەنزیندا دەنێی بەڵام هەست ناکەیت خێرایییەکەت زیاد ئەکات.

3- سێنسەر ئەیرفلۆ (سێنسەری هەوا)

کێشەی سێنسەری هەواش ئەتوانێ ببێتە هۆی هەڵکردنی گڵۆپی چێکی ئۆتۆمبێلەکەت. سێنسەری ئەیرفلۆ، رێژەی هەوایەک کە ئەچێتە ناو مەکینە بەراورد ئەکات و بەو پێیەش زانیاریی پێویست بۆ کۆمپیۆتەری سەیارە ئەنێرێت، تاکوو بە تێکەڵکردنی لەگەڵ زانیارییەکانی تر ئاستی پرژاندنی نۆزەڵەکان دەسنیشان بکرێت. ئەگەر لە شارێک ئەژیت کە کەشوهەوایەکی خاوێنی نییە حەتمەن ئاگات لەو سێنسەرەکەت بێت.

4- سەرقەباخی تەنکی بەنزین

گەر سەرقەباخی تەنکی بەنزین درزی هەڵگرتووە یان بەباشی نەبەسراوە سووتەمەنی ناو تەنک ئەبێتە هەڵم و لەوانەیە کۆی سیستەمی گەیاندنی سووتەمەنی تووشی کێشە بکات. هەر بۆیەش ئەگەر گڵۆپی چێکی ئۆتۆمبێلەکەت هەڵبوو، پێویستە چاوێک لە سەرقەباخی تەنک بکەیت.

5- پلاک و وایەرەکان

کاری پلاک پرووسکەلێدان، تەقاندنی بەنزین و لە ئەنجامدا وەکارخستنی مەکینەیە. کاتێک پێوەندییەک دروست نەبێت، پلاکیش پرووسکە دروست ناکات. هەر بۆیەش یەکێک لە هۆکارە باوەکانی هەڵکردنی گڵۆپی چێک کێشەی پلاک و وایەرەکانە. لەبەر ئەوەی هەموو پلاکێک پاش ماوەیەک خراپ ئەبێ، پێویستە لە کاتی گونجاودا بیگۆڕی. وایەری خراپیش وێڕای ئەوەی کارەبای پێویستی پلاک دابین ناکات، ئەتوانێ ببێتە هۆی خراپبوونی پاتری و کۆیلیش و لەسەر بەشەکانی تری سەیارە کاریگەری ئەبێت. هەر بۆیەش گەر پلاک یان وایەری ئۆتۆمبێلەکەت کێشەی هەیە لە یەکەمین کاتدا چارەسەری بکە.

6- کۆیل

کۆیل کارەبای پێویست بۆ پروسکەلێدانی پلاک دابین ئەکات. خراپبوونی کۆیل ئەتوانێ گڵۆپی چێکی سەیارەکەت هەڵبکاتەوە. بەتایبەت گەر کۆیل خراپ بێت لەوانەیە پلاکەکانیش تووشی کێشە بکات.

7- پاتری

لە زۆر یەکە لە ئۆتۆمبێلەکان گڵۆپی دینامۆ پیشاندەری کێشەیەک لە پاترییە. ئەگەرچی لە سەیارە پێشکەوتووەکاندا گڵۆپی هۆشداری سەبارەت بە دۆخی پاتریی بەجیا دانراوە. بۆیە گەر مۆدێلی سەیارەکەت زۆر بەرز نییە، خراپبوونی پاتری ئەتوانێ هۆکاری هەڵکردنی گڵۆپی چێکی سەیارەکەت بێت.

8- سیستەمی سووڕانی گازی ئەکسۆز (EGR)

چارەسەرکردنی کێشەی سیستەمی سووڕانی گازی ئەکسۆز زۆر جار پارەی زۆری تێ ئەچێت. بەتایبەت گەر وێڕای گۆرینی وەلفی EGR بتەوێ تێکڕای پۆرتەکانیشی خاوێن بکەیتەوە. پێشنیار ئەکەین ئەگەرچی ئەم کارە پارەی زۆری پێویستە بەڵام لە یەکەمین دەرفەتدا چارەسەری بکە، چوونکە ئەتوانێ زیان لە نۆزەڵی سەیارەکەت بدات و دوایی ناچار ئەبیت پارەی زۆر زیاتر سەرف کەیت.

9-وەلفی حەماوە

تێرمۆستات لە سەیارەدا ئەرکی گرینگ و زۆری لەسەر شانە. چاوەدێری پلەی گەرمی ئەکات، هەوای سارد بەرەو مەکینە ئەنێرێت و پلەی گەرمیی مەکینە ڕێک ئەخات. بۆ ئەوەی بەبێ کێشە کار بکات، ئەبێ تراوی فێنککەرەوەی نێو تێرمۆستات لە کاتی گونجاودا بگۆڕدرێت. چوونکە ئەو تراوە بە درێژاییی کات تۆزی لەسەر ئەنیشێ و بەباشی کار ناکات.

10- نۆزەڵ

کێشەی نۆزەڵیش ئەتوانی گڵۆپی چیکی ئۆتۆمبێلەکەت هەڵبکات. ئەگەرچی ئەم حاڵەتە زۆر ڕوو نادات، بەڵام ئەگەر نۆزەڵ تووشی کێشە هاتبێت ئەوا ناچاری پارەیەکی زۆری بۆ سەرف بکەیت. بۆ ڕێگری لە خراپبوونی نۆزەڵ پێویستە هەندێ لە خووەکانت بگۆڕیت. بۆ نموونە گەر سووتەمەنی کەمت پێیە مەودایەکی زۆر شۆفێری نەکەیت یان گۆڕینی فلتەری بەنزینەکەت بەدرەنگ نەخەیت.

11- دانانی دزگر

جاری وایە گەر دزگرەکەت بەباشی دانەمەزراندبێ و ڕێکخستنەکانی دروست نەبێ ئەو گڵۆپە هەڵئەبێت. لەبەر ئەوەی کۆمپیووتەری سەر سەیارەکەت ئەو دزگرە بە فاکتەرێکی نەناسراو و زیانبەخش ئەناسێ و گڵۆپی چێکت بۆ هەڵئەکات. لە لایەکی ترەوە دامەزراندنی بەهەڵەی دزگر ئەتوانێ کارەبای سەیارەکە لە ڕێگەیەکی ناپێویستەوە بەکار بەرێت و ئەبێتە هۆی بەتاڵبوونی پاتریی ئۆتۆمبێلەکەت.

12- لێڕژان

لێڕژان یەکێکی تر لە هۆکارەکانی هەڵکردنی گڵۆپی چێکی سەیارەیە. هەر ئۆتۆمبێلێک چەند سیستەمی ڤاکیومی هەیە کە کاری جیاوازیان هەیە. گەر سەیارەکەت لە کاتی کارکردندا لە جێی خۆی یان لە سووڕی سەرەوەی مەکینەدا ئەمێنێتەوە، ئەوا ڕەنگە لێتکان لە سەیارەکەت ڕووی دابێ.

هەڵکردنی گڵۆپی چێکی سەیارە هەمیشە ئەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی شۆفێر، هەر بۆیەش زانینی هۆکارەکانی هەڵکردنی ئەو گڵۆپە ئەتوانێ زۆر کاریگەر و بەسوود بێت.

بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل سەردانی سایتی هەرزان بکە.

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.