هەرزان بڵاگ

حەوت تێبینیی گرنگ بۆ ژیان لە بەشە ناوخۆیییەکاندا

بەشە ناوخۆیی

ئەم بابەتە لەسەر ژیانی خوێندکارییە و لە بڵاگی هەرزان دەیخوێننەوە.

سەردەمی خوێندن لە زانکۆ یەکێک لە گرنگترین سەردەمەکانی ژیانی هەر کەسێکە. کاریگەریی ئەم سەردەمە بەسەر هەموو ژیانەوە ئەمێنێتەوە. بەتایبەت ئەگەر لە شارێکی دوورتر لە شارەکەی خۆتان بخوێنن و تامی سەربەخۆیی بچێژن.

ئەوەی کە لە چ شارێکن و لە چ بەشێک ئەخوێنن، بەندە بە نمرە و هەڵبژاردنەکانی خۆتانەوە. بەڵام لە سەردەمی خوێندکاریدا دەبێ لەگەڵ کەسانێک ببن بە هاوماڵی و لە ماڵی خوێندکاری یان بەشی ناوخۆیی (داخلی) سەقامگیر ببن کەوا زۆر کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوت و کەسایەتیی دواترتان دەبێت.

1.   بەدوای هاوژوورێکی باشەوە بن

هاوماڵ ئەو کەسەیە کەوا ماڵەکەتی لەگەڵ بەش ئەکەی و لەگەڵی ئەژیت. هاوماڵ باشە بەڵام نەک هەر جۆرە هاوماڵێک. ژیان لە شارێکی تردا و بەدوور لە خێزانی خۆتان، زەحمەتترە لەوەیە کەوا وێنا دەکرێت. بۆ هەڵبژاردنی هاوماڵ زۆر هەستیار بن و دڵنیا ببنەوە لە تەندروستیی دەروونی و ئەخلاقیی ئەو کەسە. ئەگەر هاوماڵییەکی باشتان نەبێت قەد هەست بە ئۆقرە ناکەن.

2.   تەکسی بۆ زانکۆ زۆر گرنگە

لەوانەیە بپرسن پێوەندیی تەکسی بە خوێندکارییەوە چییە بەڵام ئێوە زۆربەی هاتوچۆکانتان لە ماڵەوە بۆ زانکۆیە. بۆیە زۆر گرنگە ماڵەکە لە شوێنێک بێت کەوا بەخێرایی تەکسیتان دەست بکەوێت.

3.   لەسەر دۆزینەوەی گەڕەکی گونجاو بکۆڵنەوە

لە هەر شارێکدا هەندێ گەڕەک هەیە کانگای شەڕ و ئاژاوەیە و ڕەوشی ئەمنییان باش نییە. بڕیارە ئێوە بەتەنیا و بەدوور لە خێزانی خۆتان لەو شوێنانە نیشتەجێ ببن کەوایە گرتنی ڕێوشوێنی ئەمنی یەکەم مەرجی ژیانی خوێندکارییە.

4.   دڵنیا ببنەوە لە باشبوونی جیرانەکانتان

دراوسێی خراپ، هێندەی هاوماڵیی خراپ دەتوانێ تووشی کێشەتان بکات. باشتروایە لە دووکاندارەکانی ئەو دەوروبەرە پرسیار بکەن و دڵنیا ببنەوە لە باش و خراپبوونیان.

ئەگەر کەسێکن کەوا هاتوچووتان زۆرە و کەسی زۆر سەردانتان دەکات باشتر وایە بڕۆنە هەندێ گەڕەک لە شار کەوا تێگەیشتووترن و بۆخۆشیان سەردەمانێک هاوشێوەی ئێوە خوێندکار بوون و بەدڵنیایییەوە باشتر لێتان تێ ئەگەن.

5.   وا مەزانن بەشە ناوخۆیی بەرەکانی جەنگە

لە بەرانبەر هاوماڵی و هاوژوورییەکانتان لە داخلیدا نەرمی بنوێنن. بۆ بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی ناوماڵ هەمووان هێندەی یەکتر مافیان هەیە و کەس لە یەکەمایەتیدا نییە. بۆ پێشگیریکردن لە هەر چەشنە کێشەیەک لەگەڵ هاوماڵییەکانتاندا سەرەتا سنووری خۆتان دیاری کەن. ئەگەر لەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانتان هەستیارن، بڵێن ئەو شتانە هێڵی سووری ئێمەن و کەس بۆی نییە بەکاریان بێنێت. دواتر ئەم شتە ئاسایی دەبێتەوە و بە ڕێزگرتن لە سنوورەکانی یەکتر، کەشێکی ئارامتان بۆ خوێندن و گەشەکردن لە بەردەست دەبێت.

6.   ئاگاتان لە کەلوپەلە تاکەکەسییەکانتان بێت

لەوانەیە لەگەڵ گرووپیکی لانیکەم دوو کەسیدا بووبێتن بە هاوماڵی، بەڵام قەد لەبیری نەکەن ئەوان خێزانی ئێوە نین. بە ئەدەبەوە هەڵسوکەوت بکەن و لێک نزیک بن بەڵام کەس شایانی متمانەی 100٪ نییە. بەتایبەت کەسێک کەوا تازە ناسیوتانە و بوون بە هاوماڵیی یەکتر. ئەگەر کەلوپەلێکی بەنرختان هەیە باشتر وایە بیخەنە شوێنێکی ئەمن، بۆ ئەوەی دواتر بەدگومانییەک لەو نێوانەدا دروست نەبێت. نهێنییەکانی ژیانتان لای کەس باس مەکەن و چاوەڕوانیی زۆرتان لە هاوماڵییەکانتان نەبێت.

7.   کۆمەڵێک یاسا دیاری بکەن

ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن هەر یەکە لە ئێوە لە شارێکی جیاواز، خێزانانێکی جیاواز و کەسایەتییەکی جیاوازەوە هاتوون، کەوایە جیاوازیی بیروڕا ئاسایییە. ئەگەر ئەتانەوێ ئەم جیاوازییانە کەمتر تەنگتان پێ هەڵبچنێت هەندێ یاسا دیاری بکەن و بینووسن

·       ڕۆژەکانی خاوێنکردنەوەی و سەرەی هەر کەسێک

·       سەرەی قاپشۆردن

·       سنووردارکردنی سەعاتەکانی هاتوچوو

·       کاتی خەوتن

·       سەرەی چێشتلێنان لە ڕۆژە پشووەکاندا

·       دیاریکردنی هێڵی سوور بۆ کەلوپەلە تاکەکەسییەکان

·       یاسا ئەمنییەکان (داخستنی درگا، پەنجەرەکان و …)

·       یاساکانی ڕێگەدان بە هاتنی میوان

·       دیاریکردنی تایمی خوێندن

·       دیاریکردنی سنووری بەکارهێنانی کاڵا هاوبەشەکان(دەفر و قاپەکان، سەلاجە، تاقە و مەنجەڵەکان و …)

·       تەمێکردنی کەسە سەرپێچیکارەکان

·       دیاریکردنی بەشی هەر کەسێک لە تێچووەکان ماڵدا(خواردن و کرێ و …)

بۆ کڕین و فرۆشتنی هەر کاڵایەک سەردانی سایتی هەرزان بکەن.

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.