هەرزان بڵاگ

جیهانێکی باشتر لەگەڵ بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتوو

کاڵا

ئەم بابەتە لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتووە و لە بڵاگی سایتی هەرزان دەیخوێننەوە.

خەبات لەدژی سیستەمی بەکارهێنان و سیاسەتی داهات و شوناس دەتوانێت هانی بەکارهێنەران بدات بۆ ئەوەی کاڵای بەکارهاتوو بەکار بێنن.

پڕۆفیسۆر ئادرین شتێفێن/ کۆلێژی بەڕێوەبەرایەتیی نێودەوڵەتی، زانکۆی هیڵدبێرگ

1.   بەکارهاتووە بەبەختەکان

لە 40 ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتوو ڕووی لە زیادبوون کردووە چوونکە باوەڕە هەڵەکان لەسەر بەکارهێنانی ئەم جۆرە کاڵایانە لەناو چوون و ئێستاکە کاڵای بەکارهاتوو کاڵایەکی سەرنجڕاکێشە. بۆ نموونە ڕێژەی گشتیی کاڵا بەکارهاتووە فرۆشراوەکان لە فرۆشگەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2012دا 198.2 ملیۆن یۆر بووە و پێشبینی دەکرێ ئەم ژمارەیە بگات بە 902.1 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی 2020دا. کاڵای بەکارهاتوو دەکرێ لە کاڵای نوێ جیا بکرێتەوە، چوونکە پێشتر بەکار هێنراون و هی کەسێکی تر بوون. نرخیان هەرزانترە و بەکاربراویشیان پێوە دیارە. کۆمەڵێک جۆری بازاڕی فرۆشتنی کاڵای بەکارهاتوو هەیە وەک فرۆشتنی کەلوپەلی سەیارە، فرۆشگە خێرخوازییەکان، حەڕاجییە ئۆنڵاینەکان، سایتەکانی کڕین و فرۆشتن، ئانتیکەفرۆشی و دیکەی فرۆشگەکانی ئەم بوارە. ئەم شوێنی دانوسانانەی کاڵای بەکارهاتوو لە هەردوو گرووپی کڕیاران و فرۆشیاران پێک هاتووە، بەڵام فرۆشگەکانی کاڵا بەکارهاتووەکان لەم دوایییانەدا زۆر پرۆفێشناڵ بوون و هەندێ پلەتفۆرمی ئۆنڵاین وەک یووباپ (Ubap) بزاڤێکی لە بازاڕی فرۆشتنی کاڵای بەکارهاتوودا چێ کردووە. یووباپ بۆخۆی جلە بەکارهاتووەکان دەکڕێت، جلەکان دەپشکنێت، وێنەیان لێ دەگرێت و لەسەر جلەکان نرخیان ئەنووسێت تاوەکوو موشتەری ئەزموونێکی هاوشێوەی کڕینی جلی نوێ لە فرۆشگە ئۆنڵاینەکانی هەبێت.

توێژینەوەیەک لە بواری هەڵسوکەوتی هاوپیوەند بە کاڵای بەکارهاتووەوە لە ئەڵمانیا کراوە و دەری دەخات بەکارهێنەران بەرهەمی جۆربەجۆریان کڕیوە لەم 12 مانگەی توێژینەوەیەدا. ئەو کاڵایانەی کەوا زیاتر کڕدرابوون بەڕیز بریتیبوون لە: کتێب، جل، سی‌دی، دی‌ڤی‌دی، کتێبی وانە، یاریی کۆمپیتەری، ئامێری یاری، کەلوپەل، خشڵ و زێڕ و زیو و مۆبایل. توێژینەوەیەکی زانکۆیی دەری خستووە فرۆشتنی جلی بەکارهاتووی مناڵان بۆیە باوە چوونکە “مناڵان زۆر خێرا کاڵا و جلەکانیان وەلا دەنێن کەچی هێشتا دەکرێ بەکار بهێنرێن.” کەلوپەلە کۆڵێکشنییەکانیش بازاڕی کڕینیان گەرمە چوونکە بە تێپەڕبوونی کات، نرخیان بەرزتر دەبێتەوە. هەندێ کاڵاش هەن چوونکە چیتر بەرهە نایەن یاخود نافرۆشرێن، بازاڕی فرۆشتنی بەکارهاتووەکانیان گەرمە.

2.   بەکارهێنانی دەسپێوەگرانە و ڵایف ستایڵ

شێوازەکانی بەرهەمهێنان و سەرچەشنەکانی بەکارهێنان لە سەدەی 21دا بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگە بەڵام ئێستاکە بەکارهێنەران ئاگادار بوونەتەوە لە دەوری خۆیان لەم پرۆسەیەدا و لە هەمبەر ڵایف ستایڵی زێدەڕۆکارانەیان هەست بە بەرپرسیارێتیی زۆرتر دەکەن. چییەتیی بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتوو لەسەر بنەمای دەسپێوەگرییە. زۆربەی بەکارهێنەرانی کاڵای بەکارهاتوو هەژار نین، بەڵکوو دەیانەوێ سمارت و زیرەکانە بکڕن تاکوو نە پەستان لەسەر خۆیان بکەوێت نە لەسەر ئێکۆسیستەم. بەم کەمبەکارهێنانەیانەوە وا دەر ئەکەوێ کەوا ئەم کەسانە زۆرتر جەختیان لەسەر گەشەکردنی کەسایەتییانە تاکوو پلە و پایەی کۆمەڵایەتییان. دژەبەکارهێنان جۆرێک لە سادەبوونی دەسانقەستە؛ شێوەیەکە لە بەلانیکەمکردنی بەکارهێنانی کاڵا مادییەکان. ئەم کەسانە ئەیانەوێ زێدەڕۆییی بەکارهێنانیان کەم بکەنەوە و کەشێکی هێمن بۆ ژیان دروست بکەن و چێژ لە ژیان ببینن. دژەبەکارهێنان جۆرێک ڵایف ستایڵە کەوا بە بەکارهێنانی کەمتر و سووکتر لەدوای ژیانێکی سادەترەوەیە.

3.   هۆکارە جۆربەجۆرەکان بۆ بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتوو

ئەوڕۆکە موشتەرییەکان دەیانەوێ کاڵاکانیان نەخت بکەنەوە و لە ڕێگە جۆربەجۆرە ئۆنڵاین و ئۆفڵاینەکانەوە کاڵاکانیان بفرۆشن. پێشتر کۆمەڵێک توێژینەوە لە بواری فرۆشتنی کاڵای بەکارهاتوودا جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کەوا بەکارهێنەران چوونکە ناتوانن کاڵای نوێ بکڕن بۆیە بەناچاری کاڵای دەستی دوو دەکڕن؛ ئەگەرچی ئێستاکە ئەم باوەڕانە نەماون و هۆکارەکانی ئامادەبوون لەم بازاڕەدا بەتەواوی گۆڕاون. توێژینەوەیەکی زانکۆیی دەری خستووە کەوا سەرەڕای هۆکارە ئابوورییەکان، جۆرێک لە حەزی چێژلێوەرگرتن لەم بازاڕانەشدا هەیە و موشتەرییەکان بە ئامادەبوونیان لەم بازاڕەدا لەدوای خۆشییەوەن. ئەوان بە کڕینی ئەو کاڵایانەی کەوا چیتر لە بازاڕ بوونی نییە، لەدوای جیاوازبوونەوەن. خەبات لەدژی سیستەمی بەکارهێنان و سیاسەتی داهات و شوناسیش ئەتوانێت یەکێکی تر لەو شتانە بێت کەوا بەکارهێنەر هان بدات ب بەکارهێنانی کاڵای دەستی دوو.

توێژینەوەیەکی تر کڕینی کاڵای بەکارهاتوو وەک “پێشنیارە فرەڕەهەند و چاوەڕواننەکراوەکان” پێناسە دەکات، ئەو شتەی کەوا لەوانەیە لە بازاڕی کاڵای نوێدا ڕوو نەدات. توێژینەوەیەک لەسەر هکارەکانی بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتوو لەناو خەڵکی فەڕەنسادا دەری خستووە کەوا یەکەم هۆکاری سەرەکی لای ئەو خەڵکە بۆ بەکارهێنانی کاڵای بەکارهاتووە ڕەهەندە ئەخلاقی و ژینگەیییەکەیە و بەم پێیەش بەکارهێنەران بە بەکارهێنانی سەرلەنوێی کاڵاکان و پشتکردنە پێوەرە ڕواڵەتییە باوەکان، هەوڵ دەدەن ژیانێکی سادە و بەدوور لەم شتانەیان هەبێت.

 دووەم هۆکارم هۆکاری ئەزموونییە بەتایبەت لەسەر ئەو پێشنیارانەی کەوا ڕەسەنایەتییان تیایە. بەکارهێنەران هەوڵ دەدەن بە کڕینی ئەم کاڵایانە تایبەتبوون، هەستی نۆستاڵژیا و خۆدەرخستن و باڵانسی خۆیان دەر بنوێنن.

سێیەم هۆکاری، دۆزینەوەی شوێنە تازەکانە لە ڕێگەی گەڕان و پیوەندیگرتن بە خەڵکەوە. لە کۆتاییشدا، هۆکاری ئابووری و پارەدانی کەمتر و گەڕان بەدوای نرخی گونجاوتریش یەکێک لە هۆکارەکان بووە لەم توێژینەوەیەدا.

توێژینەوەیەکی تر موشتەرییەکانی ئەم بازاڕەی دابەش کردووە بەسەر دوو دەستەدا:

·       ئەوانەی کە لەم پرۆسەیە چێژ دەبینن و حەزیان لە کاڵا و کەلوپەلەکانە

·       ئەوانەی کەوا لەبەر کێشەی ئابووری ناچارن کاڵای بەکارهاتوو بکڕن

4.   هۆکارە نائابوورییەکان

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی خەڵکی ئەڵمانیا لەم جۆرە کاڵایانە، هۆکارە ژینگەیییەکانە؛ ئەوان زبڵەکان جیا دەکەنەوە و داوا لە وەبەرهێنەران دەکەن پاشماوە کەمتر بەرهەم بێنن. کڕینی بەکارهاتوو لە ئەڵمانیا پتر لەبەر هۆکارە نائابوورییەکانە. لە ئەڵمانیا خەڵک ئەیانەوێ ڵایف ستایڵێکی جیاوازیان هەبێت و وا دیارە هۆکارەکانی بەکارهێنانی ئەم چەشنە کاڵایانە لەلای ئەڵمانییەکان جیاوازە لە بریتانی و فەڕەنسییەکان. بریتانییەکان زۆرتر لەبەر دەسپێوەگریی ئابووری کاڵای بەکارهاتوو دەکرن کەچی ئەڵانییەکان هۆکاری نائابوورییان هەیە.

ئەڵمانییەکان لەبەر نرخی خوارتر کاڵای بەکارهاتوو ناکڕن. وا دیارە ئەوان لەبر ڵایف ستایڵیان زۆرتر ئەم کارە دەکەن. هەڵبەت هۆکاری ئابووریش لەم بڕیارەدا کاریگەرە و دیارە کاتێک بارودۆخی ئابووری بەگشتی باش نەبێت خەڵک زیاتر کاڵای بەکارهاتوو دەکڕێت لەچاو کاتێک کەوا بارودۆخی ئابووریی خەڵک باش بێت.

سەرچاوە: پڕۆفیسۆر ئادرین شتێفێن/ کۆلێژی بەڕێوەبەرایەتیی نێودەوڵەتی، زانکۆی هیڵدبێرگ

بۆ کڕین و فرۆشتنی هەموو جۆرە کاڵایەکی بەکارهاتوو سەردانی سایتی هەرزان بکەن.

لەبارەی هەرزان

هەرزان خزمەتگوزاریێكە بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین.

‎هەرچییەكتان هەیە لە هەرزان بەئاسانی و بەخۆڕایی ڕێكلامی بۆ بكەن و لە كەمترین كاتدا بیگەیەننە دەستی كڕیار و هەرچییەكیشتان پێویستە لە ڕێگەی هەرزانەوە بیكڕن.

‎لە هەرزاندا دەشتوانن كاڵا و خزمەتگوزاری و كارەكەشتان بە هەمووان بناسێنن و هەلی كاری گونجاویش بدۆزنەوە.

‎لە ڕێگەی ئەپی هەرزانەوە دەتوانن بەئاسانی و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە فرۆشیاری كاڵاكانەوە بكەن.